پەیدابوون 35
Kurdi Sorani Standard
گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێتئێل
35 ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە، سەربکەوە بەرەو بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە، هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت لە کاتێک تۆ لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
2 ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتانە، لە خۆتانی جیا بکەنەوە و خۆتان پاک بکەنەوە، جلەکانیشتان بگۆڕن. 3 دەبا هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» 4 ئەوانیش هەرچی خوداوەندی بێگانە هەبوو لە دەستیان لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. 5 ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
6 یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان. 7 لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناونا ئێل بێتئێل[a]، چونکە لەو شوێنەدا خودای بۆ دەرکەوت، لە کاتی هەڵاتنی لە دەست براکەی.
8 دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.
9 کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. 10 خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. 12 ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» 13 ئیتر خودا لەو شوێنەی قسەی لەگەڵ کرد لەسەری بەرزبووەوە.
14 یاقوبیش لەو شوێنەی کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ستوونێکی بەردینی ڕاگیر کرد و شەرابی پێشکەشکراوی بەسەردا ڕشت و زەیتی بەسەردا کرد. 15 یاقوب ئەو شوێنەی ناونا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
مردنی ڕاحێل و ئیسحاق
16 ئینجا لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. 17 ئەوە بوو لە کاتی منداڵبوونەکەی، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەمەش کوڕێکی دیکەتە.» 18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناونا بەنئۆنی[b]. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین[c].
19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە. 20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی نوست. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.
یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
23 کوڕەکانی لێئە:
ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.
شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.
24 کوڕەکانی ڕاحێل:
یوسف و بنیامین
25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:
دان و نەفتالی.
26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:
گاد و ئاشێر.
ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، کە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون. 28 تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو. 29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردوو کوڕەکەی خۆی، عیسۆ و یاقوب، ناشتیان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.